بەرپرسێکی یەکێتی: لە باسکردنی ساختەکاریدا گوناحە پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئێران بکرێ

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو پۆستەدایە، ڕەخنەی لە تۆمەتبارکردنی ئێران بە ساختەکاریکردن بۆ یەکێتی گرت و ڕای گەیاند: ”ناحەزانی ئێران هەوڵدەدەن کۆماری ئیسلامی لای خەڵکی کوردستان ناشرین بکەن“.

 نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن، ئێران لە بەرامبەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ساختەکاری بۆ یەکێتی کردووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بابەتی تۆمەت گۆڕینەوە بۆ یەکتر بەبێ بەڵگە بە ناڕاوا دەبینم، ڕێزم بۆ بۆچوونی ھەموو لایەنەکان ھەیە و ئەوانەی کە دەنگیان کەم ھێناوە یان زیاد، بەڵام ھەریەکەیان لە بەرژەوەندیی خۆیدا وەڵام دەداتەوە، بڕوام وایە باشترین شت وەرگرتنی ئەزموونە لە ڕووداوەکان".

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت، ئارامیی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی بپارێزرێت، چونکە ”چاوی زۆر بۆ تێکدانی سلێمانی ھەیە“. دەشڵێت: ”ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان چاوەڕواننەکراو بوو، منیش تێبینم لەسەر شێوازی بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان ھەیە، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانەی باسی ساختەکاری و دەستکاریی ئەنجامی ھەڵبژاردن دەکەن، بەڵگەکانی خۆیان بھێنن".

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دەستبەجێ کۆمەڵێک خەڵک پەنجەی تۆمەتیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاکێشاوە، ھەرچەندە لە ھەڵبژاردنی پێشتریشدا ئەم تۆمەتە ئاراستەی ئێران کرابوو، بەڵام من بە گوناھی دەزانم بەبێ بەڵگە و ڕاستەوخۆ ئەم ئۆباڵە بخەینە ئەستۆی ئێران و کەسانی دیکە".

 

بەرپرسەکەی یەکێتی کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئێران، دووپاتی کردەوە: "تا ئێستا بە فەرمی لە بەرپرسانی یەکگرتوو و گۆڕان و کۆمەڵم نەبیستووە کە ئەم تۆمەتە بخەنە ئەستۆی ئێران، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئاگامان لەوە بێت لەم قۆناغەدا ناحەزانی ئێران ڕۆڵیان ھەبێ بۆ ئەوەی ئێران لەلای جەماوەری کوردستان ناشیرین بکەن".

 

Read کد خبر: 2074

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی