بارزانی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات .. رێككه‌وتنی كۆتایی ده‌كرێت

ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی پارتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش رایده‌گه‌یه‌نێت"به‌منزیكانه‌ وه‌فدێكی باڵای هه‌رێم به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، بۆ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر موچه‌و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان" و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌تاران ده‌ڵێت"خۆشی بێت یان ترشی، ده‌بێت كورد كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكات".

ماجید شنگالی ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌SNNی راگه‌یاند: له‌دواین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و عیراق كه‌ له‌میوشن به‌ڕێوه‌چوون، رێككه‌وتن كراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌فدێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات، به‌ مه‌به‌ستی رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر موچه‌و فرۆكه‌خانه‌كان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان.

وتیشی"وه‌فده‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌منزیكانه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رسێ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌غدا، داڤۆس و میوشنی بۆته‌هۆی تواندنه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی نێوان هه‌ردوولا.

به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی"ره‌نگه‌ هه‌ندێك كێشه‌ له‌ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان مابێت چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام كێشه‌ی ته‌كنیكی و موچه‌ زوو چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".

لای‌ خۆشیه‌وه‌، نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران به‌SNNی راگه‌یاند"هه‌رچه‌نده‌ له‌ڕوی مه‌بده‌ئییه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ڕێكه‌وتن كراوه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم به‌فه‌رمی ڕه‌زامه‌ندی ده‌رنه‌بڕیوه‌ له‌سه‌ر ڕاده‌ستكردنی ئیداره‌ی خاڵه‌ سنوریی و فڕۆكه‌خانه‌كان و داهاتی نه‌وتی هه‌رێم".

وتیشی"چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌، سه‌ردانی به‌غدا بكات و پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

به‌وته‌ی نازم ده‌باغ"تائێستا هه‌نگاوی كۆتایی بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌نراوه‌، به‌ڵام كورد خۆشی بێت یان ترشی، ده‌بێت كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكات، چونكه‌ ته‌نها خه‌ڵكی هه‌رێم زیانی به‌رده‌كه‌وێت".

نوێنه‌ره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌تاران ئاشكراشیكرد"له‌سه‌ردانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوی ئیره‌ج مه‌سجدی باڵێۆزی ئێران له‌عیراق بۆ هه‌رێم، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ كه‌ ڕۆڵیان ده‌بێت له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان".

ئه‌وه‌شی وت"هه‌م هه‌رێم و هه‌میش به‌غدا جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌س نازانێت چ جۆره‌ پابه‌ندبونێك ده‌بێت".

 
 

 

SNN:

شاهۆ - ئه‌ركان

Read کد خبر: 2048

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی