نازم ده‌باغ: دووباره‌نه‌كردنه‌ی هه‌ڵه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا

 

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران ده‌ڵێت: من راپرسی به مافێكی ره‌وای گه‌لی كوردی ده‌زانم كه له كاتی خۆیشیدا وتوومه ئه‌گه‌ر راپرسی بكرێت و كه‌سێك ده‌نگی پێ نه‌دات یان به نه‌خێر ده‌نگی پێ بدات، خیانه‌تی كردووه، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه ئایا ئه‌مه له كاتی گونجاودا كرا؟ كه من لێره‌دا هه‌میشه ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ بیروڕاكانی خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال، ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی و داهاتووی كورد كه پێی وابوو كاتی ماوه، ئێستاش پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌و ئه‌زموونه سوود وه‌ربگرێت.

وتووێژی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مامۆستا نازم عومه‌ر ده‌باغ، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له تاران


سه‌ره‌تا سوپاستان ده‌كه‌م، ده‌مه‌وێت له‌وێوه ده‌ست پێبكه‌م كه به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك ئاڵوگۆڕی هێنایه كایه‌وه، به‌ڕای ئێوه ئێستا بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كام لا ده‌ڕوات؟

- له راستیدا راپرسی، ئه‌زموونێكی تازه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بوو كه كه‌وته ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژووه‌‌وه، كه ده‌بێت بیر له‌ هۆكاره‌كانی شكسته‌كه‌شی بكرێته‌وه، ئه‌ڵبه‌ت من راپرسی به مافێكی ره‌وای گه‌لی كوردی ده‌زانم كه له كاتی خۆیشیدا وتوومه ئه‌گه‌ر ئه‌م راپرسییه بكرێت و كه‌سێك ده‌نگی پێ نه‌دات یان به نه‌خێر ده‌نگی پێ بدات، خیانه‌تی كردووه، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌بوو كه ئایا ئه‌مه له كاتی گونجاودا كرا؟ كه من لێره‌دا هه‌میشه ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ بیروڕاكانی خوالێخۆشبوو جه‌نابی مام جه‌لال، ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی و داهاتووی كورد كه پێی وابوو كاتی ماوه، ئێستاش پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌و ئه‌زموونه سوود وه‌ربگرێت، له‌وه‌ی ئایا باشمان كرد هه‌موو دۆسته‌كانمان تۆراند، ئه‌وانه به درێژایی مێژوو و له قۆناغه جیاجیاكان پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد بوون، ئێستا كه‌وتووینه‌ته ناو پرۆسه‌یه‌كی دیكه‌وه، پرۆسه‌ی دوای ریفراندۆم و دوای ئه‌وه‌ی كه دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌دا و حكومه‌تی عێراقیش ئاماده‌یی خۆی نیشاندا كه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، و هه‌روه‌‌ها هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی كه خۆیان به دۆستی كورد ده‌زانن، ته‌ئكید له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه كورد ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و هه‌روه‌ها كورد له رێگای وتووێژه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. پێم وایه ده‌رفه‌تێكی دیكه بۆ جۆرێك هه‌ڵسانه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد هاتووه‌ته پێشه‌وه، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش به واقیع‌بینی و مه‌نتیقی ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی پێمان وابێت بتوانین له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و تاكه‌كه‌سی‌دا بیر له داهاتووی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ینه‌وه، ته‌نانه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سه‌رنجانه‌ی كه له‌سه‌ر به‌غدا هه‌مه و له رابردوو و ئێستاشدا و ته‌نانه‌ت پێم وایه بۆ داهاتووش تاڕاده‌یه‌ك هه‌مان شته كه ئه‌وان به ئاسانی دان به مافه‌كانی گه‌لی كورددا نانێن، ئه‌گه‌ر فشار و گوشاری نێوده‌وڵه‌تییان له‌سه‌ر نه‌بێت و ئه‌گه‌ر كوردیش نه‌توانێت ئه‌و متمانه‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه كه ده‌یه‌وێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات. بۆیه پێم وایه پێویسته ئێمه‌ی كورد له یاری هه‌‌ڵبژاردن دوور كه‌وینه‌وه، ئه‌و یارییانه‌ی كه بڕێك ده‌زگای موخابه‌راتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له ناوچه‌كه په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن له پێناو دروستبوونی نائارامی، كه له ئاوی لێڵ ماسی خۆیان بگرن، بۆیه بۆ ئێمه گرنگه كه بزانین به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌كوێیه و چۆن دابینی بكه‌ین، به‌تایبه‌ت به‌ش به حاڵی خۆم هه‌ست ده‌كه‌م لایه‌نێك پێی خۆشه پێش رێكه‌وتن، هه‌ڵبژاردن بكرێت و لایه‌نێكی دیكه‌ش حه‌ز ده‌كات پاش هه‌ڵبژاردن رێكه‌وتن بكرێت، ئایا ئه‌مانه له‌ پێناوی چیدان؟ پێویسته كورد باشتر و وردتر دۆست و دوژمنه‌كانی دیاری بكات، ئه‌گینا قه‌یرانه‌كانمان سه‌ختر و قووڵتر ده‌بنه‌وه، ئێستاش ده‌یبینین خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان داوای مافه ره‌واكانی خۆیان له رێگای خۆپیشاندانه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش تا ئێستا له‌و خۆپیشاندانانه ده‌بیندرێت ئه‌وه‌یه كه خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تی نییه، به‌ڵكوو گرووپی جیاجیان كه دروشمی جیاجیایان هه‌یه و داخوازی جیاجیاشیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه رێك نه‌خرێت كورد تووشی قه‌یران و بشێوییه‌كی دیكه ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش بۆ داهاتوو و ناو و ناوبانگی كورد زیانه، لێره‌دا حكومه‌ت و خۆپیشانده‌ران جیا ناكه‌مه‌وه، چونكه هه‌ردووكیان هێما و نیشانه‌ی كوردن، هه‌ردوولا نوێنه‌ری خه‌ڵكن، بۆیه روودانی هه‌ركارێكی ناسروشتیی؛ له سه‌ركووتكردنی خۆپیشانده‌روانه‌وه بیگره تاوه‌كو ئاژاوه‌و سووتاندنی باره‌گان هه‌موو وه‌ك یه‌كه، كه ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر كورد ده‌بێت. وا لێكده‌درێته‌وه كه كورد نه حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌توانێت حكومه‌ت بكات و نه خه‌ڵكی ده‌توانن پرۆسه‌ی دیموكراسی و داواكردنی مافه‌ ره‌واكانی خۆی له چوارچێوه‌ی یاسادا داوا بكات و بێته سه‌رشه‌قام خۆپیشاندان بكات. ئه‌مانه هه‌موو ده‌ره‌نجامی دوای ریفراندۆمه، پێویست ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حزبه سیاسییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ل كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئاسایی بكه‌نه‌وه، ئه‌مه چۆن ده‌كرێت؟ به‌وه‌ی شه‌فاف و روون له‌گه‌ڵ خه‌ڵك قسه بكه‌ن، له رووی داهاته‌وه، له رووی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌وه، هه‌روه‌‌ها له رووی پێشكه‌ش‌كردنی به‌رنامه‌ی سیاسی بۆ داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا، خاڵێكی گرنگی دیكه چاوخشاندنه‌وه‌ به سیستمی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یه، چونكه گوێم له سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بووه وتوویه‌تی بۆیه ریفراندۆم ده‌كه‌ین 22 وڵاتی جیهانمان له‌گه‌ڵه، ئه‌گه‌ر وابوو و راست بوو ئه‌م 22 وڵاته له‌كوێن ئێستا؟! هه‌رچه‌نده سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد رایگه‌یاند كه ریفراندۆم بۆ ئه‌وه ناكه‌ین كه ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێی بكه‌ین، به‌ڵكوو بۆ ئه‌وه‌یه كه به نه‌تیجه‌كه‌یدا كه زۆرینه ده‌هێنێت، له ماوه‌ی 1 یان 2 ساڵدا وتووێژ بكه‌ین بۆ جێبه‌جێ‌كردنی، به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌وتین. كه سه‌رنه‌كه‌وتین پێویسته باش و ورد خوێندنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی بكه‌ین، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان چوونه سه‌ر سندووق و ده‌نگی خۆیان به سه‌ربه‌خۆیی‌دا، له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتین، به‌ڵام دوای ئه‌نجامه‌كه به به‌ڵێ ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد كه خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كێشایه سه‌ر سندووق و چه‌پڵه‌ی بۆ لێدا و ده‌نگی به‌ڵێی پێدا، بۆ نه‌یتوانی پرۆسه‌كه به‌و ئه‌نجامه بگه‌یه‌نێت كه خه‌ڵك ده‌یویست؟ ئه‌و كاته خه‌ڵك ئاماده‌بوون دوای ریفراندۆم هه‌موو دژواری و نه‌بوونی و ته‌نانه‌ت داخرانی سنووریش قبووڵ بكات، به‌ڵام به مه‌رجێك پرۆسه‌كه سه‌ر بكه‌وێت، ئێستا پرۆسه‌كه سه‌ری نه‌گرت، به‌ڵام قه‌یرانه‌كانیش قووڵتر بوونه‌وه، ئه‌و بارودۆخی موچه‌یه كه ده‌یبینین و ته‌نانه‌ت مه‌ترسی نه‌مانیشی هه‌یه، له‌به‌ر چه‌ن هۆیه‌ك، له‌وانه؛ به‌شێكی زۆری سه‌رچاوه‌كانی ئابووری كه‌وتنه‌وه ده‌ست حكومه‌تی عێراق، به‌شێكیشی كێشه‌ی یاسایی بۆ دروست بووه له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و داهاتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ن، به‌شێكیشی به هۆی ئه‌و قه‌رزانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له ده‌ره‌وه كردوویه‌تی، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو داهات و قه‌رز و فرۆشتنه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی رابردوو بۆكوێ رۆیی؟ ئێستا خه‌ڵك داوای ئه‌مانه ده‌كات. به‌ڵام هیواخوازین وانه‌بێت كه هه‌ڵه به هه‌ڵه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هه‌روه‌هاش كه مه‌حكومی سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك به چه‌ك ده‌كه‌ین، زیاتر له‌وه‌ش ئیدانه‌ی په‌لاماری باره‌گا و دام و د‌ه‌زگا حزبی و حكومییه‌كان ده‌كه‌ین، له ئاكامی ئه‌مانه‌شدا ئه‌ساس و بونیادی كه‌سایه‌تی كوردی ده‌شێوێت، وه‌كو شه‌خسی خۆم داواكارم كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واقیع‌بینانه به‌ده‌م داخوازییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه بێت، ئه‌زانم قه‌یرانی هه‌یه و تواناكانی وه‌كو جاران نییه و سنوورداره، به‌ڵام ده‌توانێت به راگه‌یاندنی پرۆسه‌ی چاكسازی راسته‌قینه و شه‌فافییه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، متمانه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆی بگێڕێته‌وه. دووه‌م ده‌بێت خۆپیشانده‌روانیش واز له توندوتیژی بهێنن و ده‌بێت تێكده‌روان و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت رووی گه‌شی داواكارییه ره‌واكانی خه‌ڵك تێكبده‌ن، ئه‌توانن له رێگای مانگرتن و بایكۆت‌كردنه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك پرۆسه‌كه‌یان به‌رده‌وام بكه‌ن. 

باسی دانوستان و وتووێژتان له‌گه‌ڵ به‌غدا كرد، وادیاره له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك به‌غدا نایه‌وێت بێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ، بابه‌تێكی دیكه‌ش كه وتتان حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت به شه‌فافی به‌رنامه و پلان بۆ داهاتوو دابنێت و موچه‌و خوشگوزه‌رانی بۆ خه‌ڵك دابین بكات، ئه‌مه له كاتێكدایه كه به‌رپرسی ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێمه، ئه‌مه‌یان چۆن پێ ده‌كرێت؟

-    ئه‌ساسی كێشه‌كان كه له سه‌ره‌تاشه‌وه وابووه په‌یوه‌سته به به‌غداوه، هه‌روه‌ها كه باسیشمان كرد ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابین‌كردنی موچه‌ی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ رابردوو و داهات و قه‌رز و فرۆشتن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رفكراوه به‌راورد بكه‌ین ده‌بینین به‌شێكی دیارنییه، یان ئێمه شاره‌زاییمان نییه له حساباتدا یان هه‌ر ئه‌مه‌یه. ئه‌مه‌ش پێویستی به روونكردنه‌وه‌ی زیاتره له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، به‌غداش نایشارمه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا، به‌شێكیان، تا ئه‌م كات و ساته‌ش، پێشتریش وتوومه، بیرۆكه‌و بیركردنه‌وه‌ی به‌عسییانه له ئیداره‌و به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له ناویاندا ده‌سه‌ڵاتداره، یه‌كه‌‌م بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه به رێگای چه‌ك كورد سه‌ركووت كه‌ن، دووه‌م بیرله‌وه ده‌كه‌نه‌وه تا پێیان ده‌كرێت ده‌ستی ده‌ستی به كورد بكه‌ن و مافه‌كانیان نه‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌مانه هۆكاری ده‌ره‌كی هه‌یه هۆكاری ناوخۆییشی هه‌یه، هه‌روه‌ها كه باسیشمان كرد مه‌ترسییان هه‌یه كه له ساحه‌ی عێراقی عه‌ره‌بیدا له هه‌ڵبژاردن ده‌نگ نه‌هێنن، هه‌میشه خۆیان له رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كورد ده‌پارێزن، به‌ڵام ئه‌مه خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه لای ئه‌وان، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و كاتانه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمار بوو، ساحه‌ی عێراق به‌وه‌ی كه جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌كو كوردێك سه‌رۆك كۆماری وڵاته، خۆشحال بوون و ئه‌مه هه‌ستی هێمنی و ئارامی و پاراستنی مافه‌كانیانی پێده‌دا، چونكه مام جه‌لال به كه‌سایه‌تی و تواناكانی خۆی هه‌وڵی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌دا له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاوازه‌كانی عێراق بۆ باشتركردنی بارودۆخی عێراق و كوردستان. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئێستا له به‌غدا حوكم ده‌كه‌ن ده‌یه‌وێت روویه‌كی دیكه له كورد نیشان بدات، كه كورد جوداخوازه، دزه، گه‌نده‌ڵه، ئه‌مه‌ی هێناوه خستوویه‌ته ناو یاری هه‌ڵبژاردنه‌وه، سیاسه‌تی ئێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌و شێوه‌ی ئێستا هه‌یه و كۆبوونه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه، قه‌یران له‌دوای قه‌یران وای ده‌بینێت كه له ئه‌نجامدا ئاڵوگۆڕێك له ناوچه‌كه رووده‌دات، ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ش به تایبه‌ت له به‌غدا له‌وانه‌یه ده‌رگایه‌ك بكاته‌وه كه كورد بۆ جارێكی دیكه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بێته‌وه سه‌ر سه‌حنه وه‌كو رابردوو. به‌ڵام من وای نابینم، پێم وایه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژووی ده‌كه‌ین چونكه تۆ ئه‌بێت سه‌یری دوور و نزیك بكه‌یت، نابێت له‌بیری بكه‌ین و له‌به‌‌رچاومان ون بێت كه وڵاتانی جیهان، كه‌یس و مه‌له‌فیان هه‌یه بۆ بابه‌ته جۆراوجۆره‌كان و واش نییه كه به شێوه‌ی ته‌كتیكی تووشی گۆڕان بن له سیاسه‌ته‌كانیاندا، سیاسه‌تكردنیان پیله‌وه‌ری نییه، بازرگانییه به مانا ستاندارد و مۆدێرن و رێكوپێكه‌كه‌ی، سیاسه‌ته به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی، بۆیه هه‌موویان ته‌ئكید له‌سه‌ر چه‌ند شتێك ده‌كه‌نه‌وه، پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم، سه‌یركه‌ن، یه‌ك هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته. به‌ڵام پێش ریفراندۆم ئاماده‌بوون زیاتر پشتیوانت بن و شتێكت بۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر گوێت به سیاسه‌ته‌كانیان بدابا، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه تۆ گوێ له به‌رژه‌وه‌ندی خۆت ده‌گریت نه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، بۆیه هه‌موویان له‌گه‌ڵ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقدان، واتا دژی جیابوونه‌وه‌ن،  له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوون به ده‌ستووری عێراقدان، له‌گه‌ڵ رێكه‌وتنن له رێگای وتووێژه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا، واتا دژی كاری چه‌كدارانه‌ن، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه وابیربكه‌یته‌وه بتوانێت به چالاكییه‌كی سه‌ربازی دژی سوپای عێراق یان حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستكه‌وتێك له حكومه‌تی عیراق وه‌ربگریت. ئه‌م په‌یامانه واده‌ریده‌خات ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه هاوكاری بكات ناڵێت له‌گه‌ڵ كورد، چ ئه‌ڵمانیا بێت یان فه‌ره‌نسا یان ئه‌مریكا، پێشتریش وتوومه ئێمه وه‌كو شه‌ڕكه‌ر سه‌یركراوین، نه‌ك وه‌كوو سیاسی، هه‌موویان ده‌ڵێن پشتیوانی له هێزی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین، هێزی پێشمه‌رگه كه وه‌كوو یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی له هه‌رێمی كوردستان بوو به جێگای شانازی بۆ ئێمه كه هه‌م پارێزگارییان له كوردستان كرد هه‌م شه‌ڕێكی دڵسۆزانه‌و بوێرانه‌یان له‌گه‌ڵ هێزی دڕنده‌ی تیرۆریست كرد، به‌ڵام ئێستا به هێنانه‌خواره‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ناو خۆپیشانده‌ران و سه‌ركووتكردنیان، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان نیشاندرا كه هێزی پێشمه‌رگه ته‌نها هێزی به‌رگری نییه و هێزی سه‌ركووتكردنیشه، ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بیر له‌م یارییانه بكاته‌وه و نه‌كه‌وێته داوی ئه‌مانه‌وه، ده‌بێت بیر له چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بكاته‌وه، لانیكه‌م نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌وێت كه بێنه سه‌ر حوكم و به شێوه‌یه‌كی دیكه بیر له خه‌بات و تێكۆشان بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هه‌میشه و له هه‌موو كاتێكدا رێگای شه‌ڕ و خه‌بات، رێگای چه‌كداری نییه، رێگای چالاكی مه‌ده‌نییه، رێگای دابین‌كردنی مافه‌كانی مرۆڤه. له مافه‌كانی مرۆڤدا مافی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێكه له مافه‌كان، به‌ڵام كه خۆت ته‌نها به‌مه به‌سته‌وه، دژایه‌تیشت زیاتر ده‌كرێت. من له‌گه‌ڵ متمانه‌ی 100٪ له‌گه‌ڵ به‌غدا نیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كه متمانه‌ی دۆسته‌كانمان بگه‌ڕێنینه‌وه، ده‌بێت نه‌خشه رێگایه‌كمان هه‌بێت و له‌گه‌ڵ دۆستانمان راوێژمان ببێت، به‌ڵام ده‌ستی ده‌ستی بكه‌ین به‌وه‌ی كه ده‌بێت فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه سنوورییه‌كان ده‌بێت به ته‌واوی له‌ده‌ست خۆمان بێت ئه‌مه هیچ بۆ چاره‌سه‌ر ناكات، گوێم له سه‌ركنسوولی به‌ریتانیا بوو له هه‌ولێر كه‌ ده‌یوت ئه‌وه مافی حكومه‌تی فیدراڵه كه ده‌بێت له هه‌موو شوێنه‌كاندا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، ئه‌وه یه‌كێك له دۆسته‌كانه، پێموایه جه‌نابی كاك نێچیرڤان پرۆسه‌یه‌كی باش و ئه‌رێنی ئه‌نجامدا كه سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسای كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌وێش ئامۆژگارییه‌كان هه‌ر ئه‌وه بوو، عێراقی یه‌كپارچه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و ئاماده‌ییمان هه‌‌یه هاوكاری پێشمه‌رگه بكه‌ین، سه‌یری ئه‌مه بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ناڵێت پێشمه‌رگه‌ی كورد، بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی یه‌كێتی و پارتی، ده‌بێت بیر له ژیان و گوزه‌ران و پاراستنی سه‌روه‌رییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌نه‌وه. حه‌یفه پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌رییه‌ی تۆماركردووه ئێستا وای لێبكه‌ین كه پێشمه‌رگه برسی و ماڵ و منداڵی رووت بن و له هه‌موو قورستر ئه‌وه‌یه كه پێشمه‌رگه بكه‌ینه هۆكار و ئامرازی داپڵۆسین و پێموایه پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌كانیان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن بكه‌ونه ناو ئه‌م داوه‌وه، هه‌روه‌ها كه له هه‌موو قۆناغه‌كاندا سه‌ربه‌رزانه به‌رگرییان كردووه و قوربانییان داوه. 

به پێی ئه‌زموونی خۆتان و ئاگاداریتان، به‌ڕای ئێوه ئێستا بارودۆخه‌كه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟

-    به‌داخه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كاروانی خه‌بات و ده‌ستكه‌وته‌كانمان به‌ره‌و پێشه‌وه ببه‌ین، به‌ره‌و دواوه رۆیشتووین. له قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌و هه‌موو فیداكاری و قوربانییه‌مان داوه و ئه‌و هه‌موو دۆسته‌مان له خۆمان كۆكرده‌وه، به‌ڵام ئێستا به پێچه‌وانه‌یه، ده‌مانوت عێراق فه‌شه‌لی هێناوه و موفلیسه و به خۆشی جیاده‌بینه‌وه‌و ئابووری سه‌ربه‌خۆ دابین ده‌كه‌ین و زیاتر له‌وه‌ی به‌غدامان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئێستا له‌ قۆناغێكداین كه ته‌نانه‌ت ئه‌وروپا هه‌یبه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی شكاند، چۆن؟ كاتی خۆیشی پێموابوو نابێت قانونی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌عدیل بكرێت كه گۆڕان كردی، كه ته‌نها یه‌ك كه‌س سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه، واتا یه‌ك كه‌س، دواتر ئه‌وه‌ كه ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌دات به جێگره‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌وروپا و جیهان چی ده‌ڵێن؟ ده‌ڵێن پشتیوانی به‌ڕێز نێچێرڤان بارزانی و به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین و پشتیوانی حكومه‌تێكی به‌هێزی كوردستان ده‌كه‌ین، واتا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی هێنایه چوارچێوه‌ی دوو كه‌سه‌وه، نه‌یخسته چوارچێوه‌ی حكومه‌ته‌وه، كه واته لێره دوو كه‌سیان دیاری كرد بۆ حكومه‌ت، كه واته كیانی ئیدارییان دیاری نه‌كرد، كه‌سیان دیاری كرد كه نوێنه‌ری یه‌كێتی و پارتین واتا دوو حزبیان دیاری كردووه، چه‌ندین جار  كاك نێچیرڤان لای به‌رپرسانی فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت رێز له بڕیاره‌كه‌‌ی دادگای فیدراڵ ده‌گرین، ئه‌مه‌ش به مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاكامه‌كانی ریفراندۆمه، چه‌ندین جاریش ده‌ڵێت ئاماده‌ی وتووێژین له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، واتا پابه‌ندی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقین، و به پێی هه‌مان ده‌ستوور سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، به‌رگری و دارایی هی تۆ نابێت، لێره‌دا كێشه‌یه‌ك كه هه‌یه متمانه‌بوون و نه‌بوونه، چونكه ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراق و عه‌بادی متمانه‌یان هه‌بێت نابێت به‌دوای بیانووری دیكه‌دا بگه‌ڕێت. ده‌بێت دانیشن و رێكه‌ون.ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش دوولایه‌نه‌یه، بێ‌متمانه‌یی لای هه‌ردوولایه. جا خاڵێكی دیكه باس بكه‌م، تا دوێنی ئۆباڵی هه‌موو كێشه و گرفته‌كانی كوردستان و عێراق له ئه‌ستۆی مالیكی بوو، سه‌رده‌مێك سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد هه‌بوو ده‌یوت مانه‌وه‌ی مالیكی یانێ شه‌ڕ، ئێستا رووداو چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مالیكی ده‌كات جۆرێك ریكلامی هه‌ڵبژاردنی تیایه، نابێت سیاسه‌تی دۆڕاو دووپات بكه‌ینه‌وه، له‌ نێوان كورد و مالیكی و كاك مه‌سعود و مالیكی رێكه‌وتنی 11 خاڵی و 19 خاڵی هه‌بوو و كه هاته هه‌ولێر فه‌رشی سوورمان بۆ راخست، به‌ڵام ئاكامی چی بوو؟ ئێستا بۆ دژایه‌تیكردنی عه‌بادی، پشتیوانی مالیكی بكه‌ین، جارێكه دیكه ده‌دۆڕێین، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان له‌وه نه‌بێت كه قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وام بن، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست رێكه‌وتنه، ده‌بێت رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكه‌ین، كه سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك په‌رله‌مانی تێدابێت، كه كه‌سێك بۆ خۆی نه‌یگۆڕێت. جگه له‌مه ته‌نها درێژكردنه‌وه‌ی قه‌یران و نه‌هامه‌تی زیاتری خه‌ڵكی كوردستانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. كه واته نابێت یاری دۆڕاو بكه‌ین. چونكه چاوه‌ڕێ‌كردنی مالیكی و هه‌ر رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵیدا، پێم وایه ئاكامه‌كه‌ی وه‌كوو رێكه‌وتنه‌كه‌ی پێشوو ده‌بێت و جگه له‌وه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێت تاوه‌كو چاوه‌ڕوانی ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنی و دروستبوونی حكومه‌تێكی تازه بكه‌ین، بۆ ئه‌وه رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بكرێت و هه‌روه‌ها بیریشمان نه‌چێت ئه‌وانه‌ی دژی حه‌شدی شه‌عبی‌ن، ئه‌بێت ئه‌وه بزانن كه مالیكی پشتیوانیی راسته‌قینه‌یه‌تی! بۆیه رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق، وه‌كو باسمان كرد، له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ته‌نها رێگای چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌یه و ئاماده‌بوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هه‌ر كه‌سێك بن له‌و ده‌سه‌ڵاتانه، واتا رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق. 

  ئایا ئه‌مه بن‌به‌ستی سیاسی نییه؟

-    هه‌م هه‌یه هه‌م نییه، چونكه له سیاسه‌تدا هه‌موو بن‌به‌ستێك ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام به ژیری و حه‌كیمی و بڕیاری دروست. وه‌كو باسم كرد سه‌ره‌تای به‌ره‌ی كوردستانی كه راپه‌ڕێنی لێكه‌وته‌وه، له‌به‌رچی بوو؟ هه‌موومان ئاواره بووین، هه‌موومان یه‌ك ئامانجمان هه‌بوو؛ چۆن سه‌دام بڕوخێنین؟ چۆن بگه‌ڕێینه‌وه كوردستان، هه‌ریه‌كه به شێوازێك له شێوازه‌كان له ژیانی ئاواره‌یی و خه‌باتی شاخ گله‌یی هه‌بوو، هاتین له‌سه‌ر مێزی، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وكاته مێز نه‌بوو له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتین و یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌مان كرد، ئه‌م یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه به‌رده‌وام بوو تاوه‌كو سه‌ركردایه‌تی راپه‌ڕین دروست بێت، بێ ئه‌وه‌ی بیر له ئیمتیازی حزبی و تاكه‌كه‌سی بكه‌ینه‌وه، ئه‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و عه‌قڵییه‌ت و بیركردنه‌وه، ئه‌گینا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن، هه‌میشه قسه‌یه‌كم هه‌یه ده‌ڵێم جاران كه كتێبه‌كانی لێنین و ماركسمان ده‌خوێنده‌وه وته‌یه‌ك بوو كه ده‌ڵێت سیاسه‌ت له تفه‌نگه‌كانه‌وه دێته ده‌ر، واتا ئه‌و كات بۆ سیاسه‌ت‌كردن پێویست به چه‌ك بوو، به‌ڵام ئێستا گۆڕاوه، ئه‌مانه بایه‌خیان نه‌ماوه، ئێستا داهاتی ماددی و نه‌وت گرنگه، كێ بڕیار و ده‌سه‌ڵاتی ئابووری زیاتر بێت ئه‌وه بڕیارده‌ره، ئه‌مه نابێت، ئێستا ده‌بێت بیر له داهاتووی ئه‌م نه‌ته‌وه بكه‌ینه‌وه، له داهاتووی نه‌وه‌كانی داهاتوو، بیر له خوشگوزه‌رانی و ژیانی خه‌ڵك بكه‌ینه‌وه، ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستا سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌وه‌نده بیر له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و حزبی ده‌كرێته‌وه بیر له خه‌ڵك ناكرێته‌وه. ئێستا له غیابی سه‌ركرده سیاسییه‌كانمان به‌داخه‌وه، كاتی خۆی شتێكم باسكرد، له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بووین، بابه‌تێكی گرنگ له ئارادابوو، خوالێخۆشبوو مام جه‌لال و خوالێخۆشبوو كاك نه‌وشیروان ئاماده‌بوون، مام جه‌لال وتی كاك نه‌وشیروان پێم خۆشه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته رای خۆت بڵێی، كاك نه‌‌وشیروان وتی نا مام جه‌لال، خۆت بیده‌ی باشتره، مام جه‌لال وتی پێم خۆشه تۆ بیده‌ی كاك نه‌وشیروان، چونكه تۆ كلیلی عه‌قڵی منی، واتا به بیرۆبۆچوون و راكانت عه‌قڵی من ئه‌كه‌یته‌وه، كاك نه‌وشیروان وتی مام جه‌لال هه‌ر دیسان خۆت بڕیاربده، چونكه جه‌نابت مامۆستای ئێمه‌ی، ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ئه‌مه بده‌ی به‌داخه‌وه ئێستا كلیلی عه‌قڵ و مامۆستا له‌ناو جووڵانه‌وه‌ی كوردی ونه، ئێستا كلیله‌كه به‌رژه‌وه‌ندپه‌رسته‌كانن، ئه‌وان به‌رنامه‌ی سیاسیمان بۆ داده‌نێن، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئێستا به‌ناو راوێژكار و سیاسی قسه‌وباس ده‌كه‌ن به وته‌ی فارسی ته‌حلیل محتوا (لێكدانه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك)ی بۆ بكه‌ین، و وته‌كانیان پێش ریفراندۆم هه‌ڵسه‌نگێنن، شه‌رم ناكرێت له زۆرینه‌ی ئه‌و قسانه؟

 

ئاماده‌كردنی/ سامان سلێمانی

 

Read کد خبر: 2020

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی