فیلمی کوردی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە فیستیڤاڵی ئەبووزەبی نمایشکرا

مه‌نسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی کوردی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی"، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و "ئەیووب ڕەمەزان" بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، لە دوو سانسی جیاوازدا سەرەتا کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 25ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی ژمارە 5ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە شاری ئەبووزەبی و پاشان لە کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 27ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 لە هۆڵی ژمارە 2ی ڤۆکسی ناوەندی سینەمایی "مارینا ماڵ" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا.

دوای نمایشی ئەم فیلمە کوردییە کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاند بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی" و "مەمەد ئەکتاش" بەڕێوەچوو و ئەم دوو سینەماکارە کوردە بە وردی وڵامی پرسیاریی بینەران و ڕەخنەگرانی سینەماییان دایەوە.

لە سەرەتای ئەم کۆڕەدا "ئینتشال ئەلتەمیمی" بەڕێوەبەری هونەری و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی باسی مێژووی سینەمایی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد و ئەو پرسیارەی ئاراستە کرد کە بۆچی چیرۆکی فیلمەکانی باسی ڕابردووی کوردەکان دەکات و ئەم سینەماکارە کوردەش لە وڵامدا گوتی: فیلمی سینەمایی یەکەمم بە ناوی "پەڕینەوە لە غوبار" باسی ڕابردوو دەکات بەڵام چیرۆکەکەی لە ئێستادا تێدەپەڕێت، ئەو فیلمە نوێیەشم واتە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک دەتوانم بڵێیم نیشاندانی دروستبوونی ئەو دوو فیلمە پێشووەم واتە "پەڕینەوە لە غوبار" و "شوێنێک بۆ یاریی"یە.

ئەلتەمیمی کارناسی سینەمای وڵاتانی عەڕەبی لە فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا پرسیارێکی ئاراستەی "مەمەد ئەکتاش" کرد کە لە سازکردنی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" ڕووبەڕووی چ گرفتێک بوونەتەوە و ئایا ئەو گرفتانەی کە لە فیلمەکەدا هەیە ڕووبەڕووی ئێوەش بۆتەوە؟ کە ئەم سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: پێش ئەوەی کە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بگرمە ئەستۆ لە وڵاتی ئەڵمانیا زۆر فیلمم بەرهەمهێناوە، پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، سەردانی کوردستانم کرد و ئەو کاتە کوردەکان بیریان لە سەربەخۆیی دەکردەوە و ئێمەش هەوڵماندەدا کە فیلمی کوردی بەرهەمبێنین. گوێبیستی زۆر چیرۆک لە سینەماکارانی کورد لە کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە پشت سەحنەی فیلمە کوردییەکان دەبووم.

گوتیشی: چیرۆکی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بە جۆرێک کۆکراوەی بیرەوەرییەکانی سینەماکارانی کوردە کە لە هەموو به‌شه‌کانی کوردستان و هەروەها لە سینەماکارانی کوردی دەرەوەی وڵاتیش کۆکراوەتەوە.

یەکێک لە بینەرانی ئەم فیلمە کوردییە دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە ستافی فیلمەکە کرد و گوتی: ئەوە یەکەم فیلمە کە سەبارەت بە ژینۆسایدی کوردەکانی عێراق بینیومە ئایا ئێوە فیلمێکی سینەمایی کە سازدەکەن تووشی ئەو گرفتانەی فیلمەکە دەبنەوە بۆ پەیداکردنی ئەکتەر و کەرەستەکانی فیلم کە لەم فیلمەدا بینیمان؟ کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: زۆر سوپاسی پشتگیری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان، وڵاتی ئەلمانیا و ئەنستیتۆی سینەمای دۆحەی قەتەر دەکەم، هەر چەندە بۆ سازکردنی فیلم لە هەرێمی کوردستان پەیداکردنی پارە و یارمەتیی دارایی زەحمەتە بەڵام فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" باسی سەختی و گرفتی سینەماکارانی کوردە کە چەندە بە زەحمەت فیلمێک بەرهەندێنن.

"شەوکەت ئەمین" لە درێژەدا گوتی: چیرۆکی ئەم فیلمە لە پشت کامێڕای فیلمەکانی خۆم و هاوڕێی دەرهێنەرەکانم وەرگیراوە و هەوڵمانداوە کە شەفاف و ڕاستەقینە فیلمێک لەبارەی سینەمای کوردییەوە سازبکەین.

بینەرێکی دیکە سەبارەت بە پیشەگەڕبوونی ئەکتەرەکانی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" پرسیاریی کرد کە دەرهێنەری ئەم فیلمە کوردییە لە وڵامدا گوتی: زۆربەی ئەکتەرەکانی ئەم فیلمە پیشەگەڕن و لە هونەرمەندانی هەموو به‌شه‌کانی کوردستان پێکهاتوون و بۆ ڕۆڵە کورتەکان و کۆمبارسیش لە ئەکتەرە ئاماتۆڕ و خەڵکی ئاسایی کەڵکمان وەرگرتووە.

بینەرێکی دیکە سەبارەت بە باروودۆخی هونەر لە هەرێمی کوردستان دوای هێرش کردنی داعێش پرسیاریی کرد کە "مەمەد ئەکتاش" لە وڵامدا گوتی: وەکوو فیلمسازێک ناتوانین سەبارەت بەم باروودۆخە غافڵبین و ئێمەیش هەوڵدەدەین کە بە فیلم و سینەما باسی ئەو کارەساتە بکەین و هەڵوێستی خۆمان هەبێت.

 

 

 

یەک شەممە, 09 تشرینی دووەم 2014 00:30

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان یادی "ئەحمەد تەها" بەرز ڕاگیرا

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، یادی "ئەحمەد تەها" پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد لە تاران بەرز ڕاگیرا.

 بە ئامادەبوونی دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و چەندین کەسایەتیی ناسراوی سیاسی و فەرهەنگی ئێران و کوردستان، لەوانە: دکتۆر "مەجید ئەنساری" بریکاری پەڕڵەمانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئەندازیار "محەمەد غەرەزی"، دکتۆر "حەسەن غەفووری فەرد"، سەید "مەحموود دۆعایی"، دکتۆر "محەمەدڕەزا خەباز"، دکتۆر "جەلال جەلالیزادە"، ئەندازیار "موڕتەزا زەڕین گوڵ"، "محەمەدساڵح نیکبەخت"، دکتۆر "محەمەدعەلی سوڵتانی"، دکتۆر "جەلال ساداتیان"، سەید "مەعرووف سەمەدی"، "محەمەد کەریمیان"، دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان"، "جەعفەر ئایین پەرەست"، "عەبدوڵڵا سۆهرابی"، "حاسڵ داسە"، دکتۆر "ڕەسووڵ خزری"، سەید "عیماد حوسەینی"، دکتۆر "قەسیم عوسمانی"، "محەمەدڕەئووف قادری"، "عەبدوالڕەحیم نووربەخش"، "ئەحمەد حەکیمی پوور"، "محەمەد شاوێرانی"، "محەمەدساڵح ئیبڕاهیمی"، "عەبدوڵڵا جەهانبین"، ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، "محەمەدڕەئووف تەوەکولی"، "فەڕشید غەریب نیژاد"، "محەمەد سەدیقی سەفایی" ئەندامی لێژنەی بەرپرسیارییەتی ماڵی کرماشان لە تاران، "هاشم سەلیمی"، لێژنەی بەرپرسیارییەتی قەسریی شیرینییەکان و لوڕستانییەکانی دانیشتووی تاران، "محەمەدڕەئووف داشبەندی"، ئەندامانی کۆمیتەی ئافرەتانی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، دکتۆر "محەمەدعەلی سوبحان ئیلاهی"، دکتۆر "محەمەدحەسەن زیائی فەر"، دکتۆر "رەهبەری ئەملەش"، "غەفار ئیسماعیلی"، ئەندازیار "عەبدوڵڵا نەورۆزی"، دکتۆر "ئەحمەد کاشانی"، "عەلی حیشمەتیان" و هەروەها بنەماڵەی خۆاڵێخۆشبوو "ئەحمەد تەها" و بە پێشکەشکاری "پەرویز حەبیبی"، ڕێوڕەسمی بیرئانینی نوێنەری پێشووی شاری بۆکان لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران و هەروەها یەکەمین فەرمانداری کوردی سەرتاسەی ئێران دوای هاتنە سەر کاری دکتۆر سەید "محەمەد خاتەمی" سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە مزگەوتی جامیعی شارۆچکەی غەرەبی شاری تاران بەڕێوەچوو.

 

لە سەرەتای ئەم بیرئانینەدا دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان" پسپۆر لە بواری مافەنێودەوڵەتیەکاندا سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: بەبڕوای من پیشەی نوێنەرایەتیی پەڕڵەمان، پیشەیەکی زۆر سەختە و ئەگەر کەسانێک بتوانن باری قورسیی ئەم بەرپرسیارییەتییە کە لە لایەن خەڵکییەوە لەسەر شانیان داندراوە بە باشی بە ئەنجامی بگەیەنن مرۆڤگەلێکی بەختەوەرن کە هەم لە بەردەم خەڵکی و هەمیش لە دەرگانەی خودا کەسانێکی ڕووسپین.  

 

بەڕێز "ئەحمەد تەها" بە جیدیی بە شوێن ئەو بەرپرسیارییەتییە قورسەوە بوو هەم لە پەڕڵەمانی ئێران و هەمیش لە بەشی گەشەپێدانی شاری بۆکان و هەروەها بە شوێن پێداویستییەکانی تاک تاکی خەڵکی ئەم شارەوە بوو.

 

گوتیشی: کەسێکی لەم شێوەیە دەبێت ویژدانێکی پاکی هەبێت و خوداشوناس بێت و کەسێک بێت کە بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرێت و بتوانێت ئەم بارە قورسە بە ئەنجام بگەیەنێت و لانی کەم ئێمە ئێستا بەختەوەرین کە لە کۆڕێکدا کۆبووینەتەوە کە کەسێک بەم تایبەتمەندیانەوە توانیوییەتی بەرپرسیارییەتی لەم شێوەیە بە باشی بەڕێوەببات. 

 

دکتۆر ئەردەڵان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هیوادارین کە خەڵکی شاری بۆکان و شۆڕای ئەم شارە، ڕەزامەندیی خۆیان ڕابگەیەنن بۆ بە ناوکردنی گۆڕەپانێک لەم شارە بە ناوی ئەم بەڕێزەوە کە خزمەتێکی زۆر و هەرمانی بە شارەکە کردووە و هیوادارم کە تەواوی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارییەتی دەگرنە ئەستۆ چ وەکوو نوێنەری پەڕڵەمان و چ بەرپرسیی دیکە بەڕاستی بتوانن لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا کە هەموومان ئەم دنیایە بەجێدێڵین بە سەربڵیندیی و شانازییەوە بڕۆن.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیەدا پەیامی سەرەخۆشی پارێزەرانی دادگوستەری سەرتاسەری شاری تاران خوێندرایەوە و لە درێژەدا دکتۆر "محەمەدعەلی سوڵتانی" کەسایەتیی ناسراوی کرماشانی، توێژەر، نووسەر و مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە کەسایەتی "ئەحمەد تەها" پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد گوتی: دەڤەری کار و چالاکییەکانی من لەگەڵ بوار و دەڤەری کارەکانی ئاغای "ئەحمەد تەها"دا جیاوازبوو، ئەو کاتەی کە لەگەڵ ئەم بەڕێزە ئاشنابووم نوێنەرایەتیی پەڕڵەمان و پاشانیش هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی لە ئەستۆدا بوو، بەڵام ئەو شتەی کە ئێستا سەرنجی منی بۆلای خۆی ڕاکێشا و لە بیۆگرافییەکەیدا هاتووە توێژینەوە و هەوڵەکانی ئەو بووە لەسەر شانامەی فیردەوسی و هیوادارم کە بنەماڵەی زانستی و عیرفانی ئاغای تاها بتوانن لە داهاتوودا ئەم بەرهەمە بخەنە بەردیدی تەواوی هۆگرانی ئەم نیشتمانەوە.  

 

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دکتۆر "ڕەسووڵ خزری" نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕڵەمانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی نوێنەری پێشووی شاری بۆکان گوتی: یەکێک لە کارەکانی ئاغای تەها کە وەکوو فەرمانداری شاری پیرانشار ئەنجامیدا و هەمیشە دەمێنێتەوە دامەزراندنیی یەکەمین ناوەندیی خوێندنیی باڵای ئەم شارە واتە زانکۆی پەیامی نووری پیرانشار و موسەلای ئەم شارە بوو کە لە لایەنی بیناسازییەوە هێمایەکی زۆر جوانی ناوچەکەیە، کە لەڕاستیدا جێگای ڕێز و پێزانینە. هەروەها بە شارستانکردنی بۆکانیش یەکێکی دیکە لە کارە هەرمانەکانی ئەم بەڕێزە بوو.

 

گوتیشی: ئەم کەسایەتییە هۆگرییەکی جوانی بە ئەدەب و کەلتووری کوردەوارییە هەبوو و هەر ئەو تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی 1374 بۆ یەکەمین جار داوای فەرهەنگستانی ئەدەب، هونەر و مێژووی کورد لە سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران داوا بکات. و ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە کە نوێنەرانی ئێستای کورد لە پەڕڵەمانی ئێران بەشوێن ئەم داواکارییە ڕەوایەی ئەم بەڕێزە بن لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بیرئانینەدا دکتۆر "قەسیم عوسمانی" نوێنەری شاری بۆکان لە پەڕڵەمانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: ئەم بەڕێزە لە قوتابخانەی دواناوەندیی مامۆستای من بووە و هەر لەو کاتەوە تا ئێستا خۆم بە قوتابی ئەو زانیوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وانەی زمانی ئینگلیزی بە باشی بە ئێمە دەگووتەوە بەڵام من زیاتر لە زمانی ئینگلیزی، زمانی ئەدەب و ئەخلاق لەوەوە فێربووم و پێش ئەوەی کە ئەو بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی خۆم بزانم ئەو بە مامۆستای ئەدەب و ئەخلاق و کردەوەی مرۆڤدۆستانە دەزانم.

 

گوتیشی: بەڕێز تەها کەسایەتییەکی ئەخلاقی هەبوو و هەموو کاتێک هەوڵدەدەم ئامۆژگارییەکانی ئەو لە کردەوە و هەڵسووکەوتم و بەتایبەت لە کارووباری پەڕڵەمانتاری و سیاسیم ڕچاوبگرم.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا سەید "مەعرووف سەمەدی" نوێنەری پێشووی شاری سنە لە خولەکانی سێیەم و چوارەم لە پەڕڵەمانی ئێران، سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: ئەم بەڕێزە بەردەوام بە شوێن یەکێتی و پێکەوەبوون و مەسەلە ئینسانییەکانەوە بوو، بە بێی ئەوە کە دروشم بدات و بەردەوام بەشوێن ئەنجامدانی ئەرکی بەرپرسیارییەتی سەرەکی خۆی واتە نوێنەرایەتیی خەڵکییەوە بوو. یەکێک بوو لە هەڵسووڕاوانی ماندوونەناسی پەڕڵەمانی ئێران کە خزمەتێکی زۆر گەورەی بە شاری بۆکان و شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کرد و ئەو 8 ساڵەی کە ئێمە پێکەوە لە پەڕڵەمانی ئێراندا هاوکاربووین بەڕاستی یەک ڕۆژ پشووی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی نەبوو، هەر وەکوو زۆربەی نوێنەرانی نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی ئێران، خۆی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتکردن بە خەڵکیی.

گوتیشی: ئاغای تەها هەموو ڕۆژێک نامەی بەدەستەوە بوو و بۆ بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی ڕەوای خەڵکی کوردستان واژۆی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی کە مەسەلەکانی خەڵکی کوردستان لە پەڕڵەماندا بە شێوەی یاسایی پێوشوێنی بگرێت، زۆربەی کاتەکانیش خزمەتی شارەکانی دیکەی ئێرانیشی دەکرد و ئەوەی کە لەبەرچاوی بوو تەنیا مرۆڤدۆستیی بە مانای واقعییەکەی بوو.

 

سەمەدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەڕاستی ئێمە لە پەڕڵەمانی ئێراندا ئەو پەڕی کەڵکمان لێوەردەگرت و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا خزمەتەکانی بەرچاوە بە تایبەت لە شاری بۆکاندا. زۆربەی ئەو خزمەتانەی کە ئەمڕۆکە لەم شارەدا دەیبینین دەسکەوتی زەحمەتەکانی نوێنەرانی پێشوو بە تایبەت کاک "ئەحمەد تەها" بوو. و بەو خزمەتانەی کە کردوویەتیی لە ناو خەڵکیدا پێگەیەکی باشی هەیە و لە سەردەمێکدا کە بەڕێزیان بوونە پەڕڵەمانتار، سەردەمێکی هەستیار بوو و لەو سەردەمەدا توانی بە باشی بدرەوشێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا "جەماڵ تەها" کوڕی گەورەی پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد "ئەحمەد تەها" و بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران گوتی: زۆر سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، لە دەستدانی باوکم بۆ من دەردێکی ئەبەدییە، بەڵام بوونی ئێوە لێرە و بەتایبەت لە کاتی نەخۆشییەکەیدا خەمڕەوێنی ئێمەیە و باوکم بەردەوام بە ئێمەی دەکوت کە خزمەتکاری نەتەوەی کورد بین و خزمەتکردن بە نەتەوەکەمان بەشێکی گرینگ بێت لە شانازییەکانمان.

 

کەسایەتیی ناسراوی کورد "ئەحمەد تەها" و نوێنەری شاری بۆکان لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 1ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئێرانمێهری شاری تاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

 

 

 

 

به‌ریتانیا له‌ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌وام ده‌بێت

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ به‌ڕێز مایكل فالۆن وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا و كونسلی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی سه‌ربازی پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای مه‌یدانی و ڕه‌وشی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر تاوتوێ كرا و، سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پێداویستییه‌كانی له‌ چه‌كی قورس و ته‌قه‌مه‌نی و پێویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانی دیكه‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر له‌ جه‌نگی دژی تیرۆرستانی داعشدا كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو جیهان بوونه‌ته‌ مه‌ترسی، خرایه‌ به‌ر باس.

به‌ڕێز وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیا باسی له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی خۆی بۆ كه‌مپێكی سه‌ربازی كرد كه‌ تیایدا له‌ لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت و خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ركه‌وتوویی و به‌رزیی ئاستی مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان نیشان دا. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ هاوكاریكردنی سه‌ربازی و مرۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌پێی گۆڕانكارییه‌كانی قۆناغی داهاتوو، به‌ شێوازی هاوكاریه‌كانیدا ده‌چێته‌وه‌. ده‌رباره‌ی سوپای عیراقیش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سوپاس خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ و هه‌ندێ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ك و هاوكاریی زیاتری مرۆیی پێشكه‌ش به‌ ئاوره‌كان بكرێت به‌تایبه‌تی كه‌ وه‌رزی سه‌رما ده‌ستی پێكردووه‌ و هاتنی زستان بارودۆخی ئه‌وان دژوارتر ده‌كات، بۆیه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی عیراقیش ده‌بێ هاوكاریی زیاتر پێشكه‌ش بكه‌ن و خۆیان له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌ خاوه‌ن بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیای كرد و داوای كرد كه‌ له‌ كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ڕۆڵی به‌ریتانیای له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌رز نرخاند. ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا سوپاسی ڕۆڵی باڵیۆزی به‌ریتانیای له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ل هه‌رێمی كوردستان كرد و خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌. به‌ڕێز وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیش تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگیی دوایین سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌نده‌ن و جه‌خت له‌ كاراكردنی لێكگه‌یشتنی دووقۆڵیی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه‌.


له‌ كۆتاییی دیداره‌كه‌دا كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ كران و به‌رێز وه‌زیر و شاندی به‌ریتانی دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان هه‌موو پشتگیرییه‌ك له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ده‌كه‌ن و هیواخوازن به‌ زووترین كات هه‌موو كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولا قورسایی بخه‌نه‌ سه‌ر كێشه‌ی سه‌ره‌كی، كه‌ نه‌هێشتنی تیرۆر و تیرۆرستانه‌. شانده‌كه‌ دووباره‌ ده‌ستخۆشی و پێزانینیان بۆ رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌و نه‌به‌ردیانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ده‌ربڕی.

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێزان سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری حكوومه‌ت له‌ به‌ریتانیا به‌شدار بوون.

 

 

 

 

 

 

 

سه‌ركۆماری عیراق و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز د. فوئاد مه‌عسووم سه‌ركۆماری عیراقی فیدرال، له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ولێر، پێشوازی له‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا بیروڕا ده‌رباره‌ی ته‌واوی كێشه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی وڵات، به‌تایبه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی چه‌كدارانی تیرۆرستی داعش له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ و، گرنگیی سوودوه‌رگرتن له‌ پشتگیریی نێوده‌ڵه‌تی بۆ عیراق له‌ بواری سه‌ربازی و مرۆییدا، ئاڵوگۆڕ كرا. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی و گرنگیی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان، كرایه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدرال و پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان و، نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان به‌پێی ده‌ستوور و به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای ته‌واوی پێكهاته‌كان و گه‌لانی عیراقدا بێت، تاوتوێ كران.

 

 

 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانى:له‌سه‌ر ڕێگه‌یه‌كى ڕاست به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌ش هه‌نگاو ده‌نێنین

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 5ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارى له‌ ديبه‌تێكى "ديدارى مێرى بۆ ديالۆگ و ئاشته‌وايى" كرد كه‌ ئينستيتيوتى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ توێژينه‌وه له‌ هۆڵى هۆتێلى ڕۆتانا له‌ هه‌ولێر سازى كردووه‌ و ماوه‌ى دوو ڕۆژه‌ به‌ به‌شداريى ژماره‌يه‌كى دياره‌ ميوانانى بيانى و ناوخۆيى، له‌ سياسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبير و ئه‌كاديمى و ڕۆژنامه‌وان و ميدياكاران به‌رده‌وامه‌.

له‌ ديبه‌يته‌كه‌يدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران باسى له‌وه‌ كرد كه‌ دواى كۆتايي ساڵى 1989 ديواري به‌رلين ڕووخا و پاشان يه‌كێتيي سۆڤيه‌ت له‌به‌ريه‌ك هه‌ڵوه‌شا و جه‌نگي سارد كۆتايي هات، گه‌لێك وڵات ئازاد بوون، پاش ساڵى 1991يش باس له‌ شه‌پۆلي چواره‌مي ديموكراسي هاته‌ پێش و خه‌ڵكانى سياسه‌تمه‌دار و ئه‌كاديمي، باسي سيسته‌مي نوێي جيهانييان ده‌كرد و گه‌لاني ژێرده‌ست و مافخوراو چراي ئازادييان گه‌ش كرده‌وه‌.‌

دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێك تێپه‌ڕي، ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست گۆڕانكاريي گه‌وره‌ي به‌ خۆيه‌وه‌ نه‌ديت، شه‌پۆلي چواره‌مي ديموكراسي نه‌گه‌يشته‌ ناوچه‌كه‌، زۆر كه‌س باسي نه‌گونجاويي ديموكراسي و سيسته‌مي سياسي و فه‌رهه‌نگيي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاستي ده‌كرد، زۆر كه‌س نائومێد بوون به‌رامبه‌ر ناوچه‌كه‌؛ ڕه‌شبيني بووه‌ ڕوانگه‌ي هه‌ڵسه‌نگاندن و تێڕوانينيان، كه‌م كه‌س له‌و كاته‌دا سه‌رنجي داگيرساني مۆمێكي ديموكراسي له‌ ناوچه‌يه‌كي بێ ديموكراسيدا ده‌دا، كه‌ كوردستاني عيراق بوو، كه‌ مايسي ساڵى 1992 هه‌نگاوي مێژوويي نا له‌ پڕۆسه‌ي ديموكراسي و يه‌كه‌م په‌رله‌ماني ئازادي هه‌ڵبژارد.

نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها گوتى: هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا په‌رله‌مانى كوردستان بڕياري دا په‌يوه‌نديي هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تي عيراق له‌ ئاينده‌دا له‌ سه‌ر بنه‌ماي فيدڕاڵيزم ‌بێت، به‌ڵام كه‌م كه‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ي هێزه‌ سياسييه‌كاني كوردستان چاوه‌ڕوان بوون ئه‌م خه‌ونه بێته‌ دي. ئه‌وه‌شى گوت: "ئێمه‌ ناڵێين كه‌موكوڕيمان نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ دڵنياين ئه‌وه‌يه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌يه‌كى ڕاست به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى گه‌ش، هه‌نگاو ده‌نێين‌".

پاشان هاته‌ سه‌ر باسى ساڵي 2003، كه‌ عيراق گۆڕانێكي بنه‌ڕه‌تي به‌سه‌ردا هات و له‌ ماوه‌ي دوو ساڵى دواتردا سه‌ركرده‌كاني كوردستان و پێكهاته‌كاني ديكه‌ي عيراق له‌سه‌ر بنه‌ماي ده‌وڵه‌تێكي ديموكراتى و فره‌يي و فيدڕاڵي له‌سه‌ر ده‌ستوورێكي نوێ له‌ عيراقدا ڕێككه‌وتن. ئينجا ڕيفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوور كرا و چوار له‌ پێنجي ده‌نگده‌ران له‌ سه‌رتاسه‌ري وڵات، ده‌ستووريان په‌سه‌ند كرد. له‌ كوردستانيش له ساڵى 2005ه‌وه‌ تا سێ هه‌ڵبژاردني په‌رله‌مان له‌ كراوه‌، حكوومه‌ت به‌ ئاشتي پێكهاتووه‌ و ئاڵوگۆڕي ده‌سه‌ڵات به‌ شێوه‌يه‌كى ئاشتيانه‌ ئه‌نجام دراوه‌. بۆيه‌ گوتى: ئه‌م چوارچێوه‌ مێژووييه‌ بۆ تێگه‌يشتنمان له‌ گۆڕانكاريي هه‌نووكه‌ييي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست گرنگه‌.

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ له‌م چه‌ند ساڵانه‌ي دواييدا ده‌بينين سيسته‌مي سياسيي ناوچه‌كه‌ تووشي قه‌يراني ترسناك و ئاينده‌يه‌كي ناديار بووه‌. هه‌ندێ ڕژێمي وه‌ك سه‌ددام حسێن و موعه‌ممه‌ر قه‌ززافي و حوسني موباره‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌ماون. هه‌ندێ وڵاتيش، وه‌ك سووريا و يه‌مه‌ن، تووشي شه‌ڕي ناوخۆ و ئايدۆلۆژيي توندڕه‌و بوون. له‌ هه‌رێمي كوردستان ناتوانرێت مه‌ترسيي ڕووبه‌ڕووبه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكي يه‌كجار زۆر دڕنده، كه‌ ئاڵاي ده‌وڵه‌تي ئيسلامي هه‌ڵگرتووه‌، پشتگوێ بخرێت، چونكه‌ له‌وانه‌يه‌ ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ي مان و نه‌مان له‌ ده‌سكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

زياتريش له‌مباره‌يه‌وه‌ گوتى: "هه‌رێمي كوردستان ئێستا له‌دژي هێزێكي پڕچه‌كي توندڕه‌و وه‌ستاوه‌، خه‌ڵكي كوردستان به ‌ته‌نيا ناتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت دژي ئه‌م جۆره‌ تيرۆره‌ نوێيه‌. پێويستمان به‌ هاوكاريي سه‌ربازي، مرۆيي، ئابووري، هه‌واڵگري و ئه‌خلاقيي  دۆستانمان هه‌يه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. ئێمه‌ له‌ ناوچه‌يه‌كدا ده‌ژين كه‌ هه‌وڵي چه‌سپاندني ديموكراسي تێيدا تووشي گه‌لێك نشوستي بووه‌، مافي كه‌مايه‌تيي ئاييني و نه‌ته‌وايه‌تي سه‌رتاپا پێشێل ده‌كرێت، توندڕه‌ويي سياسي بۆته‌ ته‌نها چاره‌ڕێ".

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمي كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتي ديكه‌ي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست، نموونه‌ي پڕۆسه‌ي ئاشته‌وايي و سنگفراوانييه‌، پاراستني ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئه‌ركي گشت لايه‌كي ديموكرات و ئازاديخوازه‌. پاراستني ئه‌زمووني هه‌رێمى كوردستان هيوا به‌ زۆر كه‌س ده‌به‌خشێت كه‌ ديموكراسي، لێبوورده‌يي، پێكه‌وه‌ژيان و پاراستني مافي كه‌مايه‌تييه‌كانيان به‌لاوه‌ گرنگه‌ و بايه‌خى پێ ده‌ده‌ن.

 

هه‌روه‌ها گوتى: "بێگومان ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌ماشاي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست بكه‌ين، به‌ تايبه‌ت له‌ گۆشه‌نيگاى ميدياوه‌، ده‌بينين كوشتار له‌ زۆر شوێن هه‌يه‌. به‌ڵام نابێت ئه‌و ڕاستييه‌ش له‌بير بكه‌ين كه‌ هه‌رێمي كوردستان وه‌ك هێزێكي سه‌قامگيرى، ڕۆڵي چالاكي بينيوه‌ له‌ پانزه‌ ساڵي ڕابردوو له‌ عيراقدا".

ئه‌وه‌يشى به‌ بير هێنايه‌وه‌ كه‌ له‌ گه‌رمه‌ي شه‌ڕي نێوان شيعه‌ و سوننه‌ له‌ عيراق، هێزه‌ سياسييه‌كاني كوردستان هه‌وڵي دۆزينه‌وه‌ي خاڵي هاوبه‌شيان ده‌دا له‌ نێوانياندا بۆ ئارامكردنه‌وه‌ي باري ئاسايش و سياسي له‌ وڵاته‌كه‌دا. ماڵ و ئۆفيسي سه‌ركرده‌كاني كوردستان له‌ به‌غدا كراوه‌ بوو بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ي هێزه‌ سياسييه‌كان له‌ عيراقدا، به‌تايبه‌تى وه‌ك گوتى: "جه‌نابى سه‌رۆك كۆمار تاڵه‌بانى، له‌و كاته‌دا هه‌موو هه‌وڵى خۆى به‌گه‌ڕ ده‌خست بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پێكهاتانه‌ له‌ يه‌كتر نزيك بكاته‌وه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ هه‌ندێ له‌ ميوانه بيانييه‌كان جار جار باسي ئاستي لێبورده‌ييي خه‌ڵكي كوردستان ده‌كه‌ن به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانيه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ناعه‌داله‌تيه‌‌ مێژووييه‌ي به‌رامبه‌ريان كراوه‌. باسي خۆڕاگريي خه‌ڵكي ناوچه‌ ناكۆكي له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ن كه‌وا زياتر له‌ ده‌ ساڵه‌ به‌ پشووي درێژخايه‌نه‌وه‌ چاوه‌ڕێي جێبه‌جێكردني مافێكي ده‌ستووريى خۆيانن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدي باب و باپيرانيان.

جه‌ختيشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ تا له‌ تواناى هه‌رێمى كوردستاندا بێت به‌ ‌هاناي گشت پێكهاته‌يه‌كي عيراقه‌وه‌ ده‌چێت و پاراستني ئه‌وانى وه‌ك پاراستني خه‌ڵك و خاكى كوردستانله‌ قه‌ڵه‌م دا. ڕاشيگه‌ياند كه‌ "ئه‌گه‌ر له‌ ئه‌زمووني كوردستانه‌وه‌ ته‌ماشاي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست بكه‌ين، پێم وايه‌ بتوانين بڵێين ناشتني تۆوي لێبورده‌يي و دۆزينه‌وه‌ي چاره‌سه‌ري گونجاو بۆ گرفته‌ سياسييه‌كانمان به‌ شتێكي مه‌حاڵ نابينن. پرسياري سه‌ره‌كيي ئه‌وه‌يه:‌ چۆن بنه‌ماي هاوبه‌ش پێكه‌وه‌ دياري بكه‌ين، له‌سه‌ري ڕێك بكه‌وين و پاشان ڕێزيان لێ بگرين؟".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ كرد كه‌ كاتێك باس دێته‌ سه‌ر سيسته‌مێكي سياسيي نوێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست، ده‌كرێت لێكۆڵينه‌وه‌ له‌سه‌ر زۆر لايه‌ني ئه‌زمووني كوردستان بكرێت تاكو بزانرێت چۆن له‌سه‌ر ئاستي ناوچه‌كه‌ سوودي لێ وه‌رده‌گيرێت. ئه‌وه‌شى گوت كه‌ "له‌ چوارچێوه‌ي جيۆپۆليتيكي ئاڵۆزي ناوچه‌كه‌، هه‌رێمي كوردستان ئه‌مڕۆ بۆته‌ فاكته‌رێكي سه‌قامگيري و له‌ مێژووي كورتخايه‌ني ئه‌زمووني ديمۆكراسيي خۆيدا، توانيويه‌تى ئه‌و ڕاستييه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ فاكته‌رى سه‌قامگيرييه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌ ده‌وروبه‌رماندا ده‌ژين".

هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ كردنه‌وه‌ي كوردستان به‌ ڕووي جيهاني ده‌ره‌وه‌دا، هانداني سه‌رمايه‌گوزاريي خۆماڵي و ده‌ره‌كي، ئابووريي هه‌رێمي گۆڕى. سياسه‌تي سه‌رده‌مانه‌ي نه‌وتي هه‌رێم تا ڕادده‌يه‌ك گرفتي كاره‌با و وزه‌ي له‌ هه‌رێمى كوردستان چاره‌سه‌ر كرد و كوردستانيشي كرده‌ ناوێك له‌سه‌ر نه‌خشه‌ي و‌زه‌ له‌ ته‌واوى جيهاندا. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش‌ پێكه‌وه‌ هيوايان به‌ گه‌لي كوردستان و وڵاتاني دراوسێ به‌خشي كه‌ ئاشتي و پێكه‌وه‌ژيان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاستدا مه‌حاڵ نييه‌.

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى  تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ سێ مانگ له‌مه‌و پێش ئه‌زمووني ديموكراسي و پێكه‌وه‌ژياني ئاشتي و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ي مان و نه‌ماندا بوو، به‌ڵام بڕياري دۆستان و ديموكراسيخوازان بۆ به‌هاناوه‌هاتنى كوردستان، به‌ڵگه‌ي ئاشكرايه‌ كه‌ هه‌وڵي سياسي، سه‌ربازي، ئابووري و كۆمه‌ڵايه‌تيي چه‌ندين ساڵه‌ى هه‌رێمى كوردستان، بێهووده‌ نه‌بووه. بۆيه‌ ده‌كرێت لێكۆڵينه‌وه‌ي ورد بكرێت له‌سه‌ر له‌دايكبووني سيسته‌مي نوێي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست و هه‌لومه‌رجي به‌ردوامبووني، به‌ جه‌ختكردن له‌سه‌ر ئه‌زمووني هه‌رێمي كوردستان.

هه‌روه‌ها جارێكى ئه‌وه‌ى به‌ بير هێنايه‌وه‌ كه‌ ساڵي 1991، كوردستانيان تووشي كۆڕه‌وێكي گه‌وره ‌بوون؛ كاتێك ڕژێمي سه‌ددام حسێن هێرشي ڕاسته‌وخۆي كرده‌ سه‌ر كوردستان پاش شكستهێنان له‌ شه‌ڕي كوێت. به‌ڵام هێزي هاوپه‌يمانان ئه‌و كاته‌ پاش ماوه‌يه‌كي كورت به‌هاناى گه‌لي كوردستانه‌وه‌ هاتن و ناوچه‌ى (no-fly-zone)يان دروست كرد، بۆيه‌ هه‌ندێك له‌ دۆستاني كورد، باسي ئه‌وه‌يان ده‌كرد كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ي نێوده‌وڵه‌تي؛ به‌رپرسێتيي خۆي پياده‌ كرد له‌ پاراستني ميلله‌تێك كه‌ خۆي ده‌سه‌ڵات و تواناي پاراستني خۆي نه‌بووه‌. هه‌ندێك ئه‌كاديمي و سياسه‌تمه‌دار ده‌يانگوت: ده‌كرێت بڵێين سيسته‌مي نوێي جيهانيي پاش جه‌نگي سارد؛ له‌سه‌ر به‌هاناهاتني گه‌لي كوردستان‌ داڕێژرا.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌كرێت ئه‌مڕۆش بگوترێـ سيسته‌مي سياسيي نوێي ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست؛ نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر به‌هاناهاتني هه‌رێمي كوردستانه‌وه‌ داده‌ڕێژرێت، به‌ڵكو ئه‌زمووني پێكه‌وه‌ژيان، هه‌وڵي چه‌سپاندني بنه‌ماي ديموكراسي و فره‌يي و ڕێزگرتن له‌ وڵاتاني دراوسێ و دۆزينه‌وه‌ي چاره‌سه‌ري ئاشتيخوازانه‌ بۆ ته‌حه‌دداكان له‌ ڕه‌شبيني به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست كه‌مده‌كاته‌وه. هيواى پێده‌به‌خشێت كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاستيش ده‌توانێت هه‌نگاوي گه‌وره‌ و بچووك به‌ره‌و ئازادي، سه‌ربه‌ستي و ديموكراسي بنێت.

له‌ كۆتاييدا هيواى خواست كه‌ ئه‌زمووني كوردستان ئه‌مجاره‌ ببێته‌ مه‌شخه‌ڵێك بۆ گه‌شبيني به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتي ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌ماي ڕێزله‌يه‌كگرتن، سنگفراواني، هاوكاريي دژه‌تيرۆر، پاراستني مافي مرۆڤ و كه‌مايه‌تييه‌كان، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ي وڵات، خزمه‌تگوزاري و سيسته‌مي فه‌رمانڕه‌واييي دروست و گونجاو له‌گه‌ڵ ژياني ئه‌م سه‌رده‌مدا.

پاشان به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران وه‌ڵامى چه‌ند پرسيار و تێبينييه‌كى ئاماده‌بووانى ديبه‌يته‌كه‌ى دايه‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

 

سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگەی لە هەردوومیحوەری مەخموور و گوێڕ بەسەر کردەوە

بە مەبەستی بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ و هەڵسەنگاندنی مەیدانیی دۆخ و گوزەرانی پێشمەرگە و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ئامادەكاری و ئەو ڕێوشوێنە سەربازییانەی كە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ بەرگریكردن و هێرشبردن لەدژی تیرۆریستان گیراونەتەبەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ـی ١١ـی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێڵەكانی پێشەوەی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی لەدژی تیرۆریستان لە هەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ بەسەرکردەوە.


لەم سەردانەدا کە هەریەک لە بەڕێزان مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان یاوەری سەرۆک بارزانی بوون، لەلایەن بەڕێز سیروان بارزانی سەرپەرشتیاری هەردوو میحوەرەکە و بەڕێزان قادر قادر بەرپرسی میحوەری گوێڕ و نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور، پێشوازییان لێ کرا. دواتر سەرۆک بارزانی لەنزیكەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری گوێڕ بەسەر كردەوە و لەگەڵ پێشمەرگەكان دوا. فەرماندە و پێشمەرگەکانی میحوەری گوێڕ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان کە جارێکی تر سەرۆک بارزانی لەسەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە دەبینن، بەڕێزیان لە لە چۆنییەتیی ئامادەكارییەكانی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و هێرشكردن بۆ سەر تیرۆریستان ئاگادار كردەوە و باسی ئەو سەرکەوتنانە کرا کە دوای ئازادکردنی گوێڕ، گوندەکانی زممارە عەبدوڵڵا و زممارەسابیر و تەلخێم و بنکەکانی سەر چیای قەرەچوخ و چەندین شوێنی گرینگی تر ئازادکراون. سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی ئەو سەرکەوتنانەی لە هێزی پێشمەرگە کرد و سوپاسی خۆڕاگرییانی كرد و داوای لێ كردن بە وریایی و چاوكراوەیی سەنگەرەكانیان و خاكی كوردستان بپارێزن.

دواتریش سەرۆک بارزانی سەردانی میحوەری مەخمووری کرد و سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە هێڵەكانی پێشەوە بەسەرکردەوە. لەو سەردانەیشدا بە وردی باسی ئامادەکارییەکانی پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتنانەیش کرا کە دوای ئازادکردنی مەخموور لەو میحوەرە وەدەست هاتوون و جگە لە گوندەکانی ڕواڵە و گلگامێشە و گرەسۆر و سیرمە و پونگینە، ناحیەی باقرت و حەڤدە گوندی سەربەو ناحیەیە ئازادکراون.

سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە بۆ دووەمجارە بۆ پیرۆزایی سەرکەوتن و ئاگاداربوون لە ڕەشی پێشمەرگە قارەمانەکان هاتۆتە ئەو میحوەرە و دەستخۆشیی سەرکەوتنەکانی لە پێشمەرگەکان کرد و سوپاسی خۆڕاگرییانی کرد کە گیانی خۆیان خستۆتە سەردەست بۆئەوەی گەلەکەمان بە ئازادی و ئارامی بژییت و دڵنیای کردنەوە کە تیرۆریستان ورەیان ڕووخاوە و لە شکستی بەردەومدان و لە هیچ شوێنێک ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر ورەی پۆڵایینی پێشمەرگە ڕابگرن. هەروەها تەئکیدی کردەوە لە سایەی ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگریی گەلەکەمان، کوردستان هەر لە سەرکەوتن و پێشکەوتندا دەبێت.

 

 

 

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك بارزانی كرد

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 6/11/2014 به‌ڕێز فرانك ڤاڵته‌ر شتانمایه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ رێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا ره‌وشی ئه‌منی و سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و شه‌ڕی دژی تیرۆریستان خرایه‌ به‌ر باس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ستایشی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌ڵمانیا وه‌ك رابردوو ئاماده‌یه‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان پشتیوانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بكات.

له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای كرد و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی ئه‌و تیرۆریستانه‌ پێویستی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

بڵاوکەرەوە جیهانییەکانی فیلم داوادەکەن فیلمی "مەردان" لە دنیادا بڵاوبکەنەوە

مەنسوور جیهانی ـ کۆمپانیای بڵاوکەرەوە جیهانییەکانی فیلم داوادەکەن فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرهێنانی "بەتین قوبادی" لە ئاستی جیهاندا بڵاوبکەنەوە.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرهەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" کە لە لایەن وڵاتی عێراقەوە، بۆ هەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی 2015 دەستنیشانکراوە، کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بڵاوکەرەوە جیهانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی 2" 2MK، "وایلدبانچ" Wildbunch، "وێرسیتالە فیلمز" Versatile films و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیهانی دیکە داوادەکەن ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیهاندا لە ئاستی جیهاندا بڵاوبکەنەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستنیشانکردنی فیلمی "مەردان" وەکوو فیلمی هەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە 87ـەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئۆسکاری 2015، ئەم هەواڵە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری دایەوە، بۆ نموونە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیی تورکیادا لەوانە: میلییەت Milliyet، هەبەر تورک HABERTÜRK، زەمان Zaman، پۆسۆلە هەربەر Pusula Haber، بینفیکر سینەما Binfikir Sinema، گۆڤاری کات Cut Magazine، یۆرتگۆندێمی Yurt Gündemi، دیها DHA و چەندین دەزگای ڕاگەیاندنیی دیکە، ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆری بەدواوەبوو.

تا ئێستا وڵاتانی جۆراوجۆر داواکای نمایشی ئەم فیلمە لە سینەماکانی خۆیان بوون و هەروەها فیستیڤاڵەکانی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی دنیادا خوازیاری بەشداری فیلمی سینەمایی "مەردان" لە بەشەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی خۆیان بوون.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بریتانیا دەكات

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی 11ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مایكڵ فالۆن وەزیری بەرگریی بریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە سێر سیمۆن ڕاوێژكاری سەربازیی بریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان و گۆردین مەسنجێر جێگری بەرپرسی بەرگریی ستراتیژیی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری و فرانك بیكەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازیی وەزارەتی بەرگریی بریتانیا.

لە سەرەتای دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بریتانیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ئاماژەی بە جددیبوونی كوردستاندا لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە بوێرانە و فیداكارانە توانیویانە شكست بە تیرۆریستانی داعش بهێنن و پێشڕەوییەكانیان ڕابگرن. وەزیری دەرەوەی بریتانیا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و گەیاندنی هاوكاری مرۆیی و سەربازی و و ئەو هاوكارییانە فراوانتر بكات. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە بریتانیا كار بۆ مەشقپێكردنی زیاتری پێشمەرگە و هەروەها دابینكردنی ئەو پێویستیانە دەكات كە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا بەكاری دەهێنن.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی حكوومەت و گەلی بریتانیای كرد كە لە كاتێكی گونجاودا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوون و ڕایگەیاند ئەم هەڵوێستەی بریتانیا جێگەی پێزانینی خەڵكی كوردستانە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە بۆ ئێمە شانازییە شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی دەكەین كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی لەبەردەستدایە. سەبارەت بە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و لەنێو گەلی كوردستانیش ڕۆحێكی بەهێزی بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان دروست بووە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەیشی بەوەدا كە ئێستا تیرۆریستانی داعش كەوتوونەتە دۆخی بەرگری و پێشمەرگەیش لە هەڵوێستی هێرشبردندایە و هاوكێشەی مەیدانی بە پاڵپشتیی هێزی هاوپەیمانان لە قازانجی گەلی كوردستان و پێشمەرگە گۆڕاوە و ئەو ناوچانەیشی كە لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون ڕزگار دەكرێن. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مەترسییەكانی تیرۆریستان هێمای بەوەدا كە چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك بۆیە شەڕكردنیش لەدژی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەك هەیە، هەروەها پێویستە هیچ شوێنێكی ئارام و هیچ پەناگەیەك بۆ تیرۆریستان لە ناو عێراق و سوووریادا نەمێنێت و بۆ سەركەوتن لەم شەڕە درێژخایەنەدا پێویست دەكات لەڕووی ئابووری و فەرهەنگی و فكری و سیاسیش ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەردوو لا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و تێشكاندنی تیرۆریستان پێویستە بە زووترین كات ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن و هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن و بەغدایش ڕۆڵی خۆی لە یارمەتیدان و پڕچەككردنی پێشمەرگە بگێڕێت.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و هەروەها هەماهەنگی و هاوكاریی نیوان هەردوولا لە بواری كارگێڕی و ڕێكخستنی كاروباری سەربازیی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

شایانی باسە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بریتانیا و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

 

 

 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ـی ١١ـی ٢٠١٤ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین پێشوازیی لە بەڕێز دکتۆر فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڕەشەی تیرۆریستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمی تیرۆریستیی داعش تاوتوێ کرا. هەروەها تیشک خرایە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە هەموولایەک پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان بن.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بەڕاشکاوی باسی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەکانی نێوانیان و ڕێگەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کرا. لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق خرایە بەرباس و گفتوگۆ. بەڕێز سەرۆك كۆمار ڕۆڵی هێزی پێشمرەگەی كوردستانی لە وەدەرنانی تیرۆریستان لە سەددی موسڵ و پاراستنی ئەم سەددە بەرز نرخاند. سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەستخۆشیی لە هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە بەم دواییانە لە بەرەکانی شەڕی دژی تاقمی تیرۆریستیی داعش سەرکەوتنیان وەدەست هێناوە. هەروەها سەرخۆشی لە کەسوکاری ئەو شەهیدانە کرد کە لەشەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخشیوە.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پێویستیی پاراستنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان تەوەرێکی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو.

 

 

 

 

پەڕەى 158 لەکۆى 205 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی