سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و كۆماری ئیسلامیی ئێران كە ڕۆژی سێشەممە 14ـی 7ـی 2015 لە شاری ڤییەننا ڕاگەیێندرا، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی عێراق هیوادارە كە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ببێتە مایەی سەقامگیری و بووژانەوە لە ناوچەكە و نەهێشتنی بارگرژی و خزمەتی پاراستنی ئاشتی و ئاساییشی جیهانی بكات.



د. ئومێد سەباح

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

15ـی 7ـی 2015

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر دەكات

 ڕۆژی چوارشەممە 15ـی7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دیتەر لاملێ كۆنسوڵی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد.


لە دیدارەكەدا كە كۆنسوڵی ئەڵمانیا بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو جەختی لە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی ئەڵمانیا و گەلی كوردستان كردەوە و باسی ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنان و چالاكییانە كرد كە كۆمپانییاكانی وڵاتەكەی لە بواری ئابووری و پزیشكی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی لەتەك هاوكارییە سەربازی و مرۆڤییەكان ئامادەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات لە بواری جۆراوجۆردا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیا و ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و ئەڵمانیا یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات لە دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی و كشتوكاڵ.

سەرۆك بارزانی هاوخەمیی خۆی بۆ گەل و حكوومەتی ئەڵمانیا ڕاگەیاند بەبۆنەی كۆچی دوایی فیلیپ میسفێلدەر سیاسەتمەداری گەنجی ئەڵمانیا و دۆستی نزیكی گەلی كوردستان. سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنیشی بۆ دیتەر لاملێ خواست لە كار و ئەركەكانی لە داهاتوو.

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مسوڵمانانی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و جیهان بەگشتی، دەکەم. پیرۆزبایی گەرم بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەنێرم.

پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەم کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری لە گەل و وڵاتەکەمان گیانی خۆیان خستۆتە سەردەست و بە ئازایەتی و خۆڕاگری و گیانفیداییان دوژمنیان تێکشکاند وشکۆ و ناوی کوردستانیان بە بەرزی ڕاگرت و موژدەی ئایندەیەکی گەش دەدەنە گەلەکەمان، هەروەها پیرۆزبایی لە سەرجەم کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەکەم کە زۆر ئازایانە لەپێناو پاراستنی ئاساییشی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتییان شەونخونی دەکەن. خوای گەورە پشت و پەنای پێشمەرگە قارەمانەکانمان و هێزەکانی پاراستنی ئاساییشی ناوخۆ بێت.

لە خوای گەورە داواکارم ڕۆژوو و عیبادەتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لەهەموو مسوڵمانان وەرگرتبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و کاولکاریی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٩ـی ڕەمەزانی ١٤٣٦ـی کۆچی
١٦ـی ٧ـی ٢٠١٥ـی زایینی

ئەنجومەنی وەزیران هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان پیرۆز ده‌كات

لە کاتێکدا لە سایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدە نەمرەکانمان و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکانماندا، بە ئازادی و سەربەرزییەوە پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دەکەین، گەرمترین پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکەین، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین.

هیوادارین هاتنی ئەم جەژنە، ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری و برایەتیی زیاتر لە کوردستاندا و سەرکەوتنی ئیرادەی خێر و خزمەتکردنی سەرجەم کوردستانیان و نیشتیمانە ئازیزەکەمان. جه‌ژنه‌كانى داهاتووش، جه‌ژنى سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر بەرەی تیرۆر و تاریکیدا و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان و باڵکێشانی ئاشتی و ئارامی هه‌میشه‌یى بەسەر کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا بێت.

جەژنتان پیرۆز و کوردستانیش هەردەم شکۆدار و ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
16-7-2015

ئێتاڵیا ئامادەیە لە هەموو بوارەكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات

ئێوارەیەكی درەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/7/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەڕێزان كونسڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و سوپاسالار و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیبلۆماسی و سەربازیی ئیتاڵیا پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا كە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، خاتوو پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران پیشان دا و پێزانینی خۆی و حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان لە بەركانی جەنگدا و بەرگریكردن و پاراستنی پێكهاتە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە. ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ ناسنامەیەكی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێناوە و پێشمەرگەش بەرگریی لە شارستانییەت دەكات.

هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاوكارییكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەربڕی و ڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی لە حەواندنە و هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری، ڕێز و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەڕێز سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا یەكەم سەرۆك وەزیران بوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ پشتگیری و هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان.

هەروەها باسی لە ڕۆڵی ئیتاڵیای لە پشتگیریكردنی سەربازیی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ حكوومەتی هەرێم و ئاوارە و پەنابەران كرد و لەمباریەشەوە سوپاس و پێزانینی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئیتاڵیا دووپات كردەوە.

لە كاتی گەیشتنی بۆ هەرێمی كوردستان لە فڕۆخەكانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا و شاندی یاوەری لەلایەن بەڕێزان مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نویێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا پێشوازییان لێكرا بوو.

ده‌قى په‌یامى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمى كوردستان، به‌بۆنه‌ی ڕێككه‌وتنی وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك و كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌:

به‌بۆنه‌ی ڕێككه‌وتنی وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك و كۆماری ئیسلامیی ئێران، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران، پیرۆزبایی له‌ ڕابه‌ر و سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و گه‌لی ئێران ده‌كه‌ین. هیوادارین ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان وڵاتان و گه‌لانی جیهان، له‌پێناو ئاشتیی جیهانی و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تیدا.

ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌، ئه‌وه‌ی نیشان دا كه‌ پشوودرێژی له‌ دانوستاندا، باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ دروستبوونی ڕێككه‌وتن له ‌نێوان ده‌وڵه‌تانی جیهاندا. به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ڕێز له‌ كاری هه‌موو شانده‌ دانوستاندنكاره‌كان و هاوكاری و هاندانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌گرین، له‌پێناو دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و ئاشتیی جیهانیدا.

هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكه‌مه‌وه ‌و دڵنیاین ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی فراوانتربوون و پێشكه‌وتنی زیاتری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
2015/7/15

چوار شەممە, 15 تەمموز 2015 03:00

نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران دیداریان کرد

"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ باڵیۆزی نوێی عێراقی فیدڕاڵ لە تاران دیداریان کرد.

 

بە بۆنەی دەسبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و ھەروەھا دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، کاتژمێر ٣٠/١٢ی ڕۆژی سێشەمە ١٤ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ لە تارانیان کرد و لە لایەن "راجح سابیر عەبوود ئەلمووسەوی" باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران و کۆنسوول و ھەروەھا کارمەندانی ئەم باڵیۆزخانەیەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و پاشان لەگەڵ یەکتری کۆبوونەوە.

لەم دیدارەدا باسی باروودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە کرا و جەختکراوە کە عێراق دەبێت عێراقی ھەموو لایەک بێت و ھەمووان دەبێت ھاوکار بن لە پێناوی پاراستنی مافە ڕەواکانی یەکتر و ھاوکاریکردنی یەکتری بۆ خزمەتی تەواو گەیاندن بەم وڵاتە و ھەروەھا لە پێناو پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوکاریی یەکتری بکەن.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانیی حکوومەتی ھەرێمی کورستان لە تاران سەبارەت بە ھاوکاریکردن بۆ چارەسەرکردنیی کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتیانی کورد لە ئێران لە ڕێگای ھاوکاریکردن لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقەوە ھاتنە ئاخاوتن کە باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران بە دڵێکی فراوانە پێشوازیی لەم وتانە کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا ھەر دوو لایەن تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ھاوکاریی یەکتربن و بە تایبەتیش نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران نیشانیدا کە ئامادەیی تەواوی ھاوکاریکردنی ھەیە، کە ئەم ھاوکاریی کردنەش لە ڕاپەڕاندیی کاروباریی ھاووڵاتیان و بە تایبەت ھاتنی کورد و عێراقییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بە تایبەت بۆ چارەسەکردنیی کێشە و گرفتەکانیی ئەو خوێندکارانەی کە بۆ خوێندن لە قۆناغەکانی مەستەر و دکتۆرا سەردانی ئێرانیان کردووە و کارئاسانی بکرێت بۆ ئەوەی کە بە زووترین کات بڕوانامەکانیان پەسەند بکرێت و پشتیوانیی ئەوتۆیان لێبکرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کۆریاى باشور هاوکارى مرۆیی پێشکەش بە ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان دەکات

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز چۆ یۆنگ موو کونسوڵى گشتى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان کرد کە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە رەوشى پەنابەران لە هەرێمى کوردستان سەردانى فەرمانگەى کردبوو.

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى سەبارەت پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى کۆریاى باشور باسکرد. پاشان، ئاماژەى کرد بە هاوکاریە بەردەوامەکانى ووڵاتى کۆریاى باشور لە هەرێمى کوردستان و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى ئاوەدانکردنەوەى هەرێم بە جێبەجێکردن و پێشکەشکردنى چەندین پڕۆژەى ستراتیژى لە سەرەتاى دەستپێکى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا.

لەلایەن خۆیەوە، کونسوڵى گشتى کۆمارى کۆریاى باشور لە هەرێم مەبەستى سەردانەکەى روونکردەوە ئەویش لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە رەوشى ئەو ئاوارانەى کە روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی بۆیان بە مەبەستى باشترکردنى رەوشى ژیانیان لە هەرێمى کوردستاندا.

بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان ڕایگەیاند کە حکومەتى ووڵاتەکەى بریاری داوە بە دابینکردنى بڕى (٥) ملیۆن دۆلار لە بەشى یارمەتیە مرۆڤایەتیەکانى پێشکەش بە ڕێکخراوەکانى سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بە مەبەستى هاوکاریکردن و یارمەتى دانى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق.

لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى دەرەوەى حکومەت سوپاس و پێزانینى بۆ حکومەت و خەڵکى کۆریاى باشور نیشاندا لە بەرامبەر پێشکەشکردنى هاوکاریە مرۆییەکانیان بۆ ئەو ئاوارانەى کە روویان هەرێم کردووە. لەم بارەیەوە، بەڕێزیان ووتى " ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی هاندانى ووڵاتى تر بۆ بەرز کردنى ئاستى هاوکاریەکانیان بۆ ئاوارەکانى هەرێم، بەتایبەت لەم کاتەى کە حکومەتى هەرێم بە قەیرانێکى دارایی ئاڵۆزدا تێدەپەرێت''.

هاوکات، هەریەک لە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ و بارودۆخى سیاسى و ئابوورى عێراق و ناوچەکە و شەرى تیرۆر و کێشە دارییەکانى نێوان هەرێم و حکومەتى ناوەند و بڕینى بەشە بودجەى هەرێم تەوەرەیەکى ترى کۆبوونەوەکە بوو.

لە کۆتایدا، هەردوولا باسیان لەم میکانیزم و ڕێگایانە کرد بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەردوولا لەرووى سیاسى و ئابوورى و کەلتورى و پەروەردەیى.

هۆڵەندا بەردەوامى بە پەیوەندیەکانى دەدات لەگەڵ هەرێمى کوردستان

خاتوو جێنێت سێپین باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق بە بۆنەى کۆتایى هاتنى ماوەى کارکردنى لە عێراق سەردانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى کرد و لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى لێکرا.

لە دیدارێکدا کە جۆن ڤان دێرزاند کونسوڵى گشتى هۆڵەندا لە هەرێمى کوردستان ئامادەبوو، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى باڵیۆزى هۆڵەنداى کرد کە لە ماوەى کارکردنى لە عێراقدا بەشێوەیەکى بەردەوام سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە ڕۆڵى هەبوو لە بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان وهاوکات جەختى لەسەر ئەو ڕاستیە کردەوە کە ووڵاتى هۆڵەندا لە ڕابڕدوودا و لە کاتە سەختەکاندا دەرگاى کراوە بووە بۆ پێشوازى کردن لە خەڵکى هەرێمى کوردستان. هەروەها لە ڕێگاى ناردنى ڕاوێژکارى سەربازى بۆ مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە و کەلوپەلى سەربازى پشتگیریان لە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە لە بەرەنگاربوونەوەى داعش کە جێگاى پێزانینى هەرێمى کوردستانە. هاوکات بەردەوام هاوکارى بۆ ئاوارە و پەنابەران ناردووە و سەردانى بەردەوامى شاندەکان نیشانەى دۆستایەتى و پشتگیرى هۆڵەندایە بۆ هەرێمى کوردستان.

لە بەرامبەردا خاتوو جێنێت سێپین باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق سوپاسى ئەو پێشوزایە گەرمەى کرد و ئاماژەى بە ڕۆڵى قارەمانانەى هێزەکانى پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش و خۆڕاگرى خەڵکى هەرێمى کوردستان لەبەرامبەر قەیرانى دارایى و مرۆیى و کە هۆلەندا پشتگیرى لە هەرێمى کوردستان دەکات بەردەوام دەبێت لەسەر پێشکەش کردنى هاوکاریەکان.

هەروەها باڵیۆزى هۆڵەندا سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ پشتگیریان لە کارەکانى باڵیۆزخانەى هۆڵەندا لە بەغدا و کونسوڵگەرى گشتى هۆڵەندا لە هەوڵێر و ئەوان کاردەکەن بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و هۆڵەندا.

لە تەوەرێکى دیدارەکەدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەى دووایین بەرەوپێشچوونە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتى و پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و  بارودۆخى مرۆیى و سەربازى.

لە کۆتایى دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە هیواى سەرکەوتنى بۆ خاتوو جێنێت سێپین خواست لە ئەرکى داهاتوویدا  وەک دۆستێکى هەرێمى کوردستان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

ڕۆژی سێشەممە 14ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان تاوتوێ كرا.

باسكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.

 

پەڕەى 124 لەکۆى 205 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی